Wednesday, September 10, 2003

ڕاستی دوو دیوی هەیە

مرۆڤ بیردەکاتەوە
زۆرکات چەلەحانێشم کردوە لەگەڵ بەرامبەرەکەمدا لەسەر بابەتێک کە هەردووکمان لێی دڵنیابووین، بابەتێک بۆچوون و بینایی خۆمانی لەسەر پێکهاتبێ، من ویستومە ڕای خۆم بسەپێنم و ئەویش هەمان شت، جاری وابووە کورد وتەنی من مەلابەزێن بووم و کۆڵم نەداوە تا ئەو وازی هێناوە و جاری واش هەبووە، کورت و کەم وتومە تۆ ڕاست دەکەیت، بیبڕەوە.

عەلی وەردی لە یەکێک لە کتێبەکانیا ڕووداوی دوو سوارچاکی ڕۆمانی کۆنمان بۆ باس دەکات لەسەر جۆرێک لە گفتوگۆکان، کە هەر کەسە و لە دیدی خۆیەوە پێناسە و ڕاستیەکی بینیوە و ئەیڵێتەوە بۆ ئەوی تر...

لە سەردەمی ڕۆمانیەکاندا، دوو سوارە بەیەک دەگەن، پاش سڵاو و خۆشهاتنی یەکتر، یەکێکیان دەڵێ:
- پەیکەرە نوێیەکەی ناو گۆڕەپانەکەت بینیوە،
+ پەیکەرە شینەکە! بەڵێ بینیومە لە دوورەوە..
- شین نیە، زەردە
+ نا شینە، بەچاوی خۆم بینیومە...
ئەم دوو سوارە، کە هاوڕێی دێرینی یەکترن، لەسەر ڕەنگی پەیکەر لێیان دەبێ بە دەمەقاڵێ و زۆری نامێنێت شمشێر لەیەکتر ڕاکێشن و بە دڵشکاوی یەک جێ دێڵن... لە ڕاستیدا هەردووکیان ڕاست دەکەن، پەیکەرەکە دیوێکی شینە و دیوێکی زەردە، هەر یەکە دیوێکی بینیوە. بەڵام لەبەر دڵنیاییان لە بینین و کەللە ڕەقیان کەسیان کۆڵ نادەن، هەر بچن تەماشا بکەن و ڕاستی بۆ هەردووکیان ڕوون دەبێتەوە..

ئەم ڕووداوە کە (عەلی وەردی)ـش بەسەرسامیەوە بۆمان باس دەکا، لەگەڵ زۆر لە هاوکێشەکانی ئەمڕۆدا بەڕەنگێکەوە دێتەوە ناو گفتوگۆکان، کە جاری وا هەیە لەسەر دید و بۆچوونی یەکتریمان لەسەر ڕووداوێک یەکتر بێزار دەکەین، لە کۆتایشدا دوورکەوتنەوە لە دەربڕینی شیاو هێندەی تر بیرکردنەوەکانمان لە سەنگی تەرازووەکەدا لەق دەکا.
-------------------------------------------------
* ئەم بابەتە و کۆمەڵێک بابەتی ترم، کە پێش ٢٠٠٤ نووسراون، بەهۆی کۆچ بەرەو یونیکۆد لە لایەن گووگلەوە، لە دەستچوون و بوون بە هێما.. هەوڵ ئەدەم دیسان بیاننووسمەوە و لە فەوتان ڕزگاریان بکەم.